Erbil 24°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 04:31

سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان: ئەمڕۆ رۆژێکی تاڵ و پڕ لە مەینەت و تراژیدیا یاد دەکەینەوە

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان: ئەمڕۆ رۆژێكی تاڵ و پڕ لە مەینەت و تراژیدیا یاد دەكەینەوە
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سالیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 

ئەمڕۆ رۆژێكی تاڵ و پڕ لە مەینەت و تراژیدیا یاد دەكەینەوە، ئەو رۆژەی كە رژێمی بەعس بە پلانێكی داڕێژراوی و لە رێگه‌ی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، تاوانێكی دڕندانەى دژ بە خەڵكی سیڤیل و بێتاوانی شاری هەڵەبجەی شەهید ئەنجامدا و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە پیر و منداڵ و ژن و پیاو و كچ و گەنجی شارەكە شەهیدبوون و هەزارانی تریش برینداربوون، كە سەرەتای هەڵمەتێكی گەورە و فراوان بوو بۆ قڕكردنی گەلی كوردستان. 

ئەو تاوانەی رژێمی بەعس، بە ئاشكرا و لە پێشچاوی وڵاتە زلهێزەكان ئەنجامدرا، كە بە هۆی فشاری هاوكێشە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان، جۆرێك لە بێدەنگییان نواند، بەڵام دواتر هەوڵە بەردەوامەكانی سیاسی و دیپلۆماسیی سەركردایەتیی كوردستان بۆ شكاندنی ئەو بێدەنگییە سەریانگرت و چەندین وڵاتانی دۆست بە هانای گەلی كوردستان هاتن و ژمارەیه‌ك لە پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە لەپاڵ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش، كیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفالیان، وەك تاوانی جینۆسایدیان ناساند. 

لە یادی سییه‌مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، هیواخوازین زامەكانی گەلەكەمان بە رێكخستن و یەكخستنی نێوماڵی كورد ساڕێژ بكەین بۆئەوەی چیتر ئەمجۆرە نەهامەتى و كارەساتانە دووبارە نەبنەوە. 

داوا لە كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و ناوندە بڕیاربەدەستەكانى جیهانیش دەكەین هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان. هەروەها بە ئەركی سەرشانی هەموو دامودەزگاكانی كوردستان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگه‌ی مەدەنیی دەزانین، كە لە هەوڵی ساڕێژكردنی برینەقووڵەكانی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم قوربانیانی ئەو كارەساتە و كارەساتی ئەنفال بەردەوامبن. 

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.