Erbil 9°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 20:02

دادگایه‌کى فه‌ره‌نسا لێکۆلینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌کانى تورکیا دژى کورد ده‌کات

دادگاكه‌ یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد سازكرد
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/3/15 لە شاری پاریسی پایەتەختی فەرەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد سازكرد.

لە دانیشتنەکەدا کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت، وێرای دەستەی حاکمان، دۆزگەران و پاێزەرانی دادگا، دەیان کەسایەتی لە یاساناس، لێکۆڵەر، مافناس، نوێنەرانی پارت و لایەنی سیاسی و مەدەنیی کورد و جیهانی بەشدارن تێیدا.

دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، دەزگایەكی یاسایی و مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ناحكوومییە و بەگوێرەی یاساکانی نێودوڵەتی بڕیار لە سەر کەیس و سکاڵاکان لە دادگایەکی بێلایەندا دەدات.

دادگاکە، له‌ ساڵی 1979 دامەزراوە و تا ئێستا دانیشتنی بۆ 44 كەیس و سکاڵا كردووە. دانیشتنی ئەمجارەشی تایبەتە بە دوو مژاری سەرەکی بۆ دادگاییکردنی تورکیا کە بریتین لە:

یەکەم ـ تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی كورد، بەتایبەت لە ناوچەكانی (جزیرە، سوری ئامەد و شیرناخ) لە نێوان ساڵی (2015تا 2017)دا، ئەنجام دراون.

دووەم ـ تیرۆرکردن و كوشتنی نوێنەران  چالاکانی كوردە لە دەرەوە و ناوەوەی توركیا.

دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە لە پاریس، لەسەر پێشنیازی چەندین دامەزراوەی بەناوبانگی مافی مرۆڤی جیهان و  ئینستیتۆی كورد لە برۆكسل و بە پشتیوانیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و چەندین یاساناسی کورد و بیانی بەڕێوە دەبرێت.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی دادگاکە، ئەنجامی دانیشتنەكە لە پاش دوو مانگی دیکە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕادەگەیەنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.