ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا پرۆسەیەکیان دەستپێکردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی دەستگیراوەکانی داعش.
لە ڕاگەیەنراوێکدا دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ بەغدا پرۆسەیەکیان دەستپێکردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی دەستگیراوەکانی داعش و تائێستا بەپێی بەرنامەیەکی ورد ژمارەیەکی بەرچاو دەستگیرکراوانی داعشیان ڕادەستکردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
ماوەیەکە چەند پەرلەمانتار و بەرپرسێکی عێراقی باس لە ئازادکردنی ژمارەیەک دەستگیرکراوی داعش دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان دەستەبەسەرن، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکەن کە حکوومەتی هەرێم ئامادە نییە ڕادەستی حکوومەتی بەغدایان بکات، ئەمەش بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە گشتی.
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا پرۆسەیەکیان دەست پێ کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و تا ئێستا بە پێی بەرنامەیەک بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ناوەندی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستگیرکراوانی داعش ڕادەست کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی کراون گوتی: بە بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر (277) دوو سەد و حەفتا و حەفت بەندکراو بە پێی ماددەى (سێیەم/ 7 تیرۆر) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا/ تیرۆر) کراون بە چەند قۆناغێک و لە هەر وەجبەیەک (50 تا 55) بەندکراو بوون. هەروەها بە پێی بڕیارى دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر (576) پێنجسەد و حەفتا و شەش بەندکراو بە پێی ماددەى (چوارەم/ 1 لە یاسایى ژمارە 13ى ساڵى 2005) ڕەوانەى (دادگاى لێکۆڵینەوەى ڕەسافە/ بەغداد) کراون لە ڕێگاى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێرەوە بە (5) پێنج قۆناغ لە هەر وەجبەیەک (100 تا 120) بەندکراو ڕەوانە کراون.
زێباری تیشکی خستە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە لایەن هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی کوردستانەوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کراون و لەم بارەیەوە گوتی: لە ماوەی 2014-2016 بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم (2652) کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کراون، (1100) تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغ بووەتەوە بە بەڵگەوە و سزا دراون و حوکمەکەشیان بریتی بووە لە زیندانی لە نێوان سێ ساڵ تا زیندانی هەتاهەتایی بە پێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە، هەروەها (870) کەسیشیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، (682) کەسیشیان تا ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان. لە لایەکی دیکەوە (328) سێسەد و بیست و هەشت بەندکراوى تر لە لایەن دادگاوە بڕیاریان لەسەر دراوە کە ڕەوانە بکرێن بۆ (دادگاى لێکۆڵینەوەى ڕەسافە/ بەغداد).
سەبارەت بەو کەسانەی کە لە ساڵی 2017 دەستگیر کراون، زێباری گوتی: لە شەش مانگی کۆتاییی 2017دا (709) ئەندامی داعش، یان گومانلێکراو دەستگیر کراون، یان خۆیان ڕادەست کردووە، لەوانە (279) بەندکراو بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، یان بە بڕیاری دادگا، یان بە بڕیاری دادگای تاوانەکان ئازاد کراون. (٢٧) بەندکراو لە لایەن دادگاوە حوکم دراون بە زیندانیکردن بە سزای جۆراوجۆر. (١٥٦) بەندکراو ئێستا لە دادگای تاوانەکانن و چاوەڕوانی بڕیاری دادگان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان لە داهاتوودا. (٢٤٧) بەندکراو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدا ماون لە دادگای لێکۆڵینەوە و لە داهاتوودا چارەنووسیان یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە کە زۆربەی ئەوە کەسانەی دوای پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە دەستگیر کراون، تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە و لە کاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن، بۆیە وەک دەستگیراوەکانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها بە هۆی ئەوەی کە ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بکەنەوە بەشێکیان لە خێزانەکانیان دابڕاون.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئهو یاسایه تا 16/7/2016 كاری پێ کرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە کاری تیرۆریستییەوە گلاون، کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.