كوشتن و له‌نێوبردنی كریستیانه‌كانی عێراق به‌رده‌وامه و له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا سێ خێزانی كریستیان له‌نێو براون، سه‌ركرده‌یه‌كی كریستیانیش هۆشداری ئه‌وه ده‌دات، ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق به‌و شێوه‌یه بێت هه‌موو كریستیانه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن به‌ره‌و ده‌ره‌وه.
عه‌بدولئه‌حه‌د ئه‌فرام، سكرتێری گشتیی پارتی كلدانی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراقه‌وه پڕۆسه‌ی له‌نێوبردن و قڕكردنی كریستیانه‌كان له عێراق ده‌ستی پێ كردووه و له كۆی 1350 هه‌زار هاووڵاتیی كریستیانی عێراق ئێستا ته‌نیا 400 هه‌زار له نێو عێراقدا ماون و ئه‌وانی تر به هۆی سیاسه‌تی له‌نێوبردنیان به‌ره‌و ده‌ره‌وه كۆچیان كردووه، ئه‌گه‌ریش ڕه‌وشی ئه‌منیی عێراق وه‌ك ئێستا بمێنێت، ئه‌وه گومانی تێدا نییه ئه‌وانه‌یشی له ناوچه‌كانی عێراق ماون كۆچ ده‌كه‌ن، چونكه له هه‌موو لایه‌كه‌وه كار بۆ كوشتن و ڕفاندن و له‌نێوبردنی گه‌لی ئێمه ده‌کرێت."
به هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانیان له ساڵانی ڕابردوودا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو هاووڵاتیی كریستیان له ناوچه‌كانی به‌غدا و كه‌ركووك و مووسڵ ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و له دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر مووسڵیش نزیكه‌ی 200 هه‌زار ئاواره‌ی كریستیان گه‌یشتنه هه‌رێمی كوردستان و ئێستاش به‌شێكیان له دهۆك و هه‌ولێر ماون.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كلدان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "ته‌نیا له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا سێ كرده‌وه‌ی زۆر دڕندانه له به‌غدا به‌رامبه‌ر به كریستیانه‌كان ئه‌نجام دراون، كه ئه‌وه‌ی كۆتایی، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو له ناوچه‌ی شه‌تل له به‌غدا ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌لیانكۆتاوه‌ته سه‌ر ماڵی پزیشكێكی كریستیان و به چه‌قۆ پزیشکه‌كه و هاوسه‌ره‌كه‌یشی كه پزیشك بووه له‌گه‌ڵ خه‌سووی كوژراون و ماڵیان تاڵان كراوه."
عه‌بدولئه‌حه‌د ئه‌فرام گوتیشی: "هاووڵاتییانی كریستیان باوه‌ڕیان به حكوومه‌تی ئێستای عێراق نه‌ماوه و ناتوانێ گه‌لانی ئێمه بپارێزێ له‌و هێرشه دڕندانه، چه‌ندین جاریش له ڕێگه‌ی جیاوازه‌وه حكوومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان ئاگادار كردووەته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌كانمان هیچ سوودی نه‌بووه و دیاره بڕیاری له‌نێوبردن و ده‌ركردنی كریستیانه‌كان به‌رده‌وام دە‌بێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.