ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان رەخنە ئاراستەی ئەو حزبانە دەكات كە لە ڕابردوودا پشتیوانی بەغدا بوون و ئاماژە بەوە دەكات كە بزووتنەوە دەمێكە پێی وایە بەغدا سوودی بۆ كورد نەماوە، بەڵام چەند حزبێك دڵدارییان لەگەڵیان دەكرد.
ئەمڕۆ یەكشەممه 4-3-2018، عەبدوڵا وەرتێ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی دوێنی ڕووی دا لە پەرلەمانی عێراق بەرانبەر پشكی كورد لە بودجەدا، پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردنە و پێویستە بخرێتە ئۆباڵی ئەو حزبانەی كە پەرلەمانتاریان لە بەغدا هەیە.
زیاتر گوتی، بزووتنەوەی ئیسلامی دەمێكە پێی وایە كە بەغدا سوودی بۆ كورد نەماوە، بەڵام چەند حزبێك لەگەڵ ئەو ڕایەدا نەبوون و "دڵدارییان لەگەڵ بەغدا دەكرد".
بەرپرسەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی دووپاتی كردەوە كە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بەغدا هەڵوێستیان هەبێت و گوتی، بەم پەرتەوازەیییەی ئێستە حزبەكان تێیدان، هیچ ناكرێت و پێویستە بە یەكڕیزی وەڵامی بەغدا بدرێتەوە".
دوێنی شەممه، پەرلەمانی بەغدا بەبێ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كورد لە بودجەی ساڵی 2018دا، پڕۆژەكەی پەسەند كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.