Erbil 26°C یەکشەممە 08 ئەیلوول 02:30

سبه‌ى بڕیاری بەستنی کۆنگرەى یه‌کێتى ده‌درێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

سبه‌ى کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی ناوەندی یه‌كێتى ئەنجام ده‌درێت
کوردستان TV
100%

زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبووك" ئاشكرای كرد" لە كۆبوونەوەی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی ناوەند و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، رۆژی شەممە 3ى ئەم مانگە لەماڵی مام جەلال، بڕیارماندا رۆژی 5/3/2018 کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەنجام بدەین و بڕیاری بەستنی کۆنگرە بدەین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی راشیگەیاند: "كاتژمێر 3ى هەمان رۆژ لەتەلاری هونەری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی زۆرینەی کادیرانی یەکێتی رۆژی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی رادەگەیەندرێت".

ئەمە لەكاتێكدا كە دوای ئەوەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ھاوسەری تاڵەبانی، پەیامێكی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كرد و بە ئاستەنگی بۆ ئەنجامنەدانی كۆنگرەی حزبەكەیانی تۆمەتبار كرد، دواتریش لە وەڵامێكدا كۆسرەت رەسوڵ، چەندین رەخنەی لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و بنەماڵەی تاڵەبانی گرت و بە قورخكاری دەسەڵاتەكانی یەكێتی وەسفی كردن. پاش ئەمەش ھەفتەی رابردوو دوور لەچاوی میدیاكاران سەركردەكانی یەكێتی بۆ نەھێشتنی گرژییەكان كۆبوونەوە، بەڵام ئەنجامی كۆبوونەوەكە رانەگەیەندرا.

پاش كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی كێشە ناوخۆیییەكانی ئەو حزبە زیاتر پەرەیان سەند، بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و بەرپرسانی یەكێتی دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان لە حزبەكە راگەیاند.

ھەرچەندە تائێستا باڵەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەگەیشتوونەتە بڕیارێكی ھاوبەش بۆ بەستنی كۆنگرە، بەڵام ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و عادل موراد، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە سبەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بڕیاری بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە بدات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.