عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕایگەیاند" بەفەرمانى وەزارى ژمارە (286) کە لە ڕێکەوتى (22/ 2/ 2018) بە واژۆى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، بڕیاردرا بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان".
ڕوونیشیکردەوە ئەو بریارە بۆ دیراسەکردن و هەڵسەنگاندنى دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى کوردستانه، گوتیشی: "بڕیارهكه هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانى (بۆردى باڵاى خوێندنى تایبەت) لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئەرکى سەرەکى ئەو بۆردە بریتیە لە دیراسەکردنى هەمەلایەنەى دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و هەڵسەنگاندیان لەڕوى زانستى و ئەکادیمى و کارگێڕى و دارایى و ژێرخانەوە".
لە کۆتایشدا، ئاشکرایکرد ئەو بڕیارە کە پەیوەستە بەڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت چووهتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تا ڕێکەوتى (31/ 12/ 2019) بەردەوام دەبێت.
لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان (15) زانکۆى تایبەتى هەیە، هەروەک چەند زانکۆیەکى دیکەش دواى تێپەڕبون بە پڕۆسەکانى دڵنیاى جۆرى و متمانەبەخشین و سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییە یاسایى و کارگێڕییەکاندا ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانیان بۆ دامەزراندن وەرگرتوە، هاوکات (10) پەیمانگەى تایبەتیش لە هەرێمى کوردستان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.