Erbil 24°C سێشەممە 24 ئەیلوول 20:22

سەعدی پیرە: نەجمەدین کەریم وازی لە  یەکێتی نەھێناوەو دەتوانێت بەشداریی کۆنگرە بکات

ناوبراو تاکو ئەم چرکەساتە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی یه‌
کوردستان TV
100%

 

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر نەجمەدین کەریم وازی لە ڕیزەکانی یەکێتی نەھێناوەو بە ھەموو شێوەیەک دەتوانێت بەشداریی کۆنگرەی ئایندەی یەکێتی بکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند" ئەو سەرکردانەی کە پێشتر لەناو یەکێتیدا پۆستیان ھەبووە و خۆیان وازیان ھێناوە، دەست لەکار کێشانەوەکەیان قەبووڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی کە وازیان نەھێناوە، کۆنگرە ئەو کێشەیە یەکلایی دەکاتەوە، چونکە ئەوانە لە ڕێگەی کۆنگرەوە ھەڵبژێردراون و کۆنگرەش دەتوانێ بڕیاریان لەسەر بدات".

گوتەبێژی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە" ئەو کەسانەی کە وازیان لە یەکێتی ھێناوە، ناکرێ ئێمە بە چەپ و بە ڕاست ڕەخنەیان لێبگرین، بەڵکوو باشتر وایە ئێمە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ ھۆکاری وازھێنانەکەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟".

سەعدی ئەحمەد پیرە تایبەت بە بەشداریکردنی دکتۆر نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەی حزبەکە، ئاماژەی بەوە کرد" دکتۆر نەجمەدین کەریم، وازی لە ڕیزەکانی یەکێتی نەھێناوە و دەتوانێ بەشداریی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی بکات، چونکە تاکوو ئەم چرکەساتە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە“.

جەختیشی لەوە کردەوە، ”لەکاتی ھاتنیدا بۆ کۆنگرە، ئەگەر حاڵەتەکەی پێوێستی بە لێکۆڵینەوە ھەبێت، ئەوا کۆنگرە دەتوانێت لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا بکات".

تێزانین دوای داگیرکردنی کەرکووک و رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دکتۆر نەجمەدین کەریم ئەندامی مەەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پاریزگاری کەرکووک، بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نەکردووە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.