جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌مریكا پێی وایه ده‌كرێت به‌خێرایی و به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایار كێشه‌كانی به‌غداو هه‌ولێرچاره‌سه‌ر بكرێن .
جۆن سولیڤان ،جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وستی راگه‌یاندووه: له گفتوگۆكانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌غداو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ی به پێویستی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك له‌كێشه‌كان كردووه كه ئه‌مریكا پێی وایه ده‌كرێت به‌خێرایی و به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایار چاره‌سه‌ر بكرێن له‌وانه كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڕوی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانداو خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ندێك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێم.
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راشیگه‌یاندووه ، نێچیرڤان بارزانی له‌م دواییه‌دا سه‌ردانێكی بۆ به‌غدا ئه‌نجام داوه‌و پێشبینی گفتوگۆی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تدا ده‌كه‌ین و له‌نێویشیاندا دیداری روبه‌ڕوو.
جۆن سولیڤان ده‌شڵێ: پێمانوایه گرنگه قۆناغ به قۆناغ هه‌نگاو بنرێت بۆ دروستكردنی متمانه، پێشمانوایه كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و گه‌یشتنه رێكه‌وتن له‌باره‌ی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت و ده‌كرێت هه‌نگاوێك بێت بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌كان له‌چوارچێوه‌یه‌كی فراوانتردا له‌وانه پرسی نه‌وت و خاڵه سنورییه‌كان.
ئاماده‌كردنی: رزگار
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.