Erbil 3°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 04:06

په‌رله‌مانى کوردستان هه‌موارى یاساى هاتوچۆى په‌سه‌ند کرد

په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتنى ئاسایی خولى پایزه‌ى به‌ست
کوردستان TV
100%


به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى جێگرى سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنى ئاسایی خولى پایزه‌ى به‌ست و تێیدا، هه‌موارى یاساى هاتوچۆى، په‌سه‌ند كرد.

ده‌قى ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان:-

 پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2018/1/31، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (6)ى ئاساییی خولی پاییزه‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.


سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای هاتووچۆى ژماره‌ (86)ى ساڵی 2004 له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق)، به‌پێی مادده‌كانی (75،74،72) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می (پڕۆژه‌ یاسای پاراستنی تۆڕ و دامه‌زراوه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، به‌پێی مادده‌ی (71) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ دانانى ئه‌و ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزانه‌ى په‌رله‌مان له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌پێی مادده‌ى (44) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ى هه‌مواركراو: (زیادكردنی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز ئه‌یوب عه‌بدوڵا ره‌سول، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها زیادكردنی ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان فارس عه‌بدولڕه‌حمان (ئه‌بو كاروان)، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (26)ى ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجاو شه‌شه‌م)ى یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیاز كرا گۆڕانكارى له‌ ریزبه‌ندیی خاڵه‌كانی دووه‌م و سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار بكرێت و دواى خستنه‌ ده‌نگدانییانه‌وه‌ به‌ جیا به‌كۆی ده‌نگ خاڵی دووه‌م بوو به‌ خاڵی یه‌كه‌م و خاڵی سێیه‌میش بوو به‌ خاڵی دووه‌م و به‌وپێیه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاسیی په‌رله‌مانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای پاراستنی تۆڕ و دامه‌زراوه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرا.

به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش دوای گۆڕانكاریكردن له‌ ریزبه‌ندیی خاڵه‌كان، به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئاماده‌بوو زیادكردنی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز ئه‌یوب عه‌بدوڵا ره‌سول، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان و زیادكردنی ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان فارس عه‌بدولڕه‌حمان (ئه‌بو كاروان)، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی په‌سندكران.

به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای هاتووچۆى ژماره‌ (86)ى ساڵی 2004 له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق)، دوای خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ و راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان و گفتوگۆكردنی سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ و خستنه‌ڕووی سه‌رنج و پێشنیازى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ریان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ڕه‌چاوكردنی سه‌رنج و پێشنیازی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری و لادانی چه‌ند ماده‌یه‌ك و زیادكردنی ماده‌یه‌كى تازه‌ پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ به‌ده‌نگدان و خستنه‌ ده‌نگدانی ماده‌ به‌ماده‌ و بڕگه‌ به‌ بڕگه‌ی پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی و دواتریش كۆی یاساكه‌، به‌كۆى ده‌نگ په‌سندكرا و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان كرد.

پێویسته‌ بووترێ مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ سنوورداركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی هاتووچۆ و پاراستنی گیان و سامانى هاووڵاتییان و گونجاندنییه‌تی له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانى یاساكه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.