پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە، خانەنشینی، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکان کرد.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-1-2018دا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکان کرد، دواتریش رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان کرا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاساکە.
ئەو پڕۆژەیاسایە زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی، نەهێشتنی دوو مووچە و بندیوار، رێکخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی نایاسایی و دەرماڵە و ئیمتیازات و بەخشینە ناشایستەکان.
پڕۆژەیاساکە لە هەشت فەسڵ پێکهاتووە؛ کە بە هەموویان 20 ماددە لەخۆدەگرن. بەپێی ماددەی یەکەم، ئامانجەکەی ئەوەیە "بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری و شایستەبوون لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان بەرجەستە بکات. هەروەها سوودمەندبوونی ناشایستەیی رابگیرێت".
له لایهكى ترهوه لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-1-2018ی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووهم بۆ هەمواری یاسای هاتووچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2004 دەكرێت. پێشبینیش دەکرێت هەر ئەمڕۆ بخرێتە دەنگدانەوە.
بەگوتەی سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی كوردستان، بە هەمواركردنی یاساكە سزای پێبژاردن بەهۆی سەرپێچی هاتووچۆ لە هەندێ حاڵەتدا زیاد دەكات، دەستگیركردنیش بۆ حاڵەتێک كەمدەکرێتەوە، بەڵام سزای کامێراکان هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە و زیادناکرێت.
بەپێی هەموارەكە سزای پێبژاردن بەهۆی سەرپێچی هاتووچۆ لە هەندێ شوێن زیاد دەكات، لەبەرامبەردا دەستگیركردن كەمدەکرێتەوە و سنووردار دەکرێت، بەنموونە ئەگەر كەسێك بەبێ مۆڵەت شوفێری بكات، لەجیاتی مانگێك زیندانیكردن بە 250 هەزار دینار سزادەدرێت.
مەبەستی سەرەکی هەمواركردنی یاساكە بۆ زیادكردنی سزا جۆراوجۆرەكانی هاتووچۆ نییە، بەڵكو ئامانج لێی تەنیا بۆ كەمكردنەوەی دەستگیركردنە بەهۆی سەرپێچییەكانی هاتووچۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.