بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی لە ساڵی 2017 دا خستووەتەڕوو.
بەپێی راگەیێندراوەکە 569 کەس بەپێی ماددەی 14 لە یاسای هۆشبەر دەستگیرکراون و رادەستی دادگا کراون. 70 کەس لەوان سزادراون، 112 کەسیان لەبەر کەمی بەڵگەی تاوان ئازادکراون، 134 کەسیشیان بە دەستەبەری (کەفیل) ئازادکراون و پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، هەروەها 253 یان تاوەکو ئێستا پەڕاویان لەژێر لێکۆڵیەنەوەدایە و کێشەکانیان لە دادگا یەکلایی نەبوونەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ساڵی رابردوو دەست بەسەر 53 کیلۆ گرام لە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکانی وەک (تلیاک، حەشیش، هێرۆین، شیشە و ماریوانا) دا گیراوە.
ئاماری تۆمەتباران لە ساڵی 2017 بەراورد بە ئاماری تۆمەتباران لە ساڵی 2016 زیادی کردووە، زیادەکەش بریتییە لە 36 کەس، 16 کیلۆ ماددەی هۆشبەریش زیاتر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ئاماری دەرمانی پزیشکی هۆشبەر بەگشتی کەمی کردووە و لە ساڵی رابردوودا دەست بەسەر 32 هەزار و 47 شیتەدا گیراوە.
لەبارەی دراوی ساختەش ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە کە دەست بەسەر 58 ملیۆن دینار، 186 هەزار و 115دۆلار (18 دەفتەر)، 15 هەزار و 600 لیرەی تورکی و 500 یۆرۆی ساختەدا گیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.