ئەمڕۆ پێنچشەممە ٢٨-١٢-٢٠١٧ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ئاماری سالى ٢٠١٧ی ڕاگەیاند، كه ئامارەکان بەم شیوە بوون:-
- سەرجەمی ڕفێنراوان : ٦٤١٧ کەس.
- ژمارەی ڕزگاربووان: ٣٢٤٤ کەس.
- ژمارەی ئافرەتان ١١٤٦ کەس ڕزگار کراون.
- ژمارەی پیاوان : ٣٣٥ کەس ڕزگار کراون.
- ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی نێر: ٨٤٣ کەس.
- ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی مێ: ٩٢٠ کەس.
- ژمارەی ڕزگاربوانی ساڵی ٢٠١٧ سەرجەمیان ٣٤٩ کەس بوون.
- ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، ئافرەتان ١٠٢ کەس.
- ژمارەی ڕزگاربووانی ساڵی ٢٠١٧، پیاوان ٩ کەس.
- ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، منداڵان ٢٣٨ کەس.
- ئەوانەی ماوان لە دەستی داعشدا ٣١٧٣ کەس.
- ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی مێ: ١٤٨٢ کەس.
- ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی نێر: ١٦٩١ کەس
لە بەشیكی دیکەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، حسێن قائیدی گوتی'' تەنیا سەرۆکی حکوومەتى ههرێم پشتگیری ئەم پرۆژەیەی کردووە و بەردەوامیشە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانەی کە ماون لە دەست چەکدارانی داعشدا.''
قائیدی گوتیشی'' بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی لە دەست چەکدارانی داعش بوون لە شاری مووسل و حەویجە و ناوچەکانی ترن، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ پلانێکیان نەبوو بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو شارانەدا و تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک گۆیی لەم مەلەفە نییە و پشتگۆیی خستووە.''
(قائیدی) گوتیشی: ''پرۆژەکەمان نەک تەنیا ڕزگارکردنە، بەڵکو لە دوای ڕزگارکردنیش ئێمە بەردەوامین لە چارەسەرکردنی ئەم ڕفێنراوانە و نووسینگەیەکی تایبەتیشمان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕەوانەکردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام حکوومەتی عێراقی لە داخستنی فرۆکەخانەکان کارتێکردنێکی زۆری کردووەتە سەر چارەسەرکردنیان و ئەمەش غەدرێکە لەم ڕزگاربووانە، چونکە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرە.''
تێزانین لە ٣-٨-٢٠١٤ دا داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و کۆمەڵکوژی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هێنا و هەر لەسەر ئەو مەبەستەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی لە پارێزگای دهۆک کردەوە بۆ ڕزگارکردن و چارەسەرکردنیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.