ئەمرۆ 30/10/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برۆنۆ ئوبرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و سیریل نۆن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەریان کرد.
لەم دیدارەدا هەردوو باڵیۆز جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندیی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەلمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، کە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن بۆ نێوانگیری و پاڵپشتی دانوستانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی لە دەڤەرەکەدا جێگیر ببێت.
لە پەیوەندیی بە دوا رەوشی نێوان بەغدا و هەولێر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد و گوتی: هەموو ئەو جوڵە سەربازیانە زێدەڕۆیی و پێشێل کردنی دەستوورە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان خوازیاری هێوری و سەقامگیرییە و پێمان باشە هەرچی زووتر بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانوستانی نێوان بەغداو هەرێم لە دانوستانی بواری سەربازی بۆ گفتوگۆی بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە ئاماژەیەک بە دوا رەوشی دەڤەرەکە و تێکشکانی تیرۆریستاندا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیری هەرێمی کوردستانی بە جەنگی دژی تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەولەتی بۆ ڕووبەروو بوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی دووبارە کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.