Erbil 23°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 20:54

له‌ په‌رله‌مانى کوردستان مه‌ڕاسیمێکی تایبه‌ت بۆ د.شوان قه‌ڵادزه‌یی به‌ڕێوه‌چوو

له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر، له‌ رێگادا تووشی رووداوێكی هاتووچۆ ده‌بێت
کوردستان TV
100%


په‌رله‌مانى كوردستان مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌ت بۆ د.شوان قه‌ڵادزه‌یی سازده‌كات و تاجه‌گوڵینه‌ى رێز و وه‌فا ده‌خاته‌ سه‌ر ته‌رمی خوالێخۆشبوو.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ  په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری كاتیی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان‌و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و  یه‌كێتیی په‌رله‌مانترانی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو و نوێنه‌ری رابه‌رى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ‌و سه‌ركردایه‌تی و كادیران و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌كه‌‌و نوێنه‌رانی حزب ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازی له‌ ته‌رمی د.شوان قه‌ڵادزه‌یى، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كرا.

له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رێزلێنان له‌و په‌رله‌مانتاره‌رێكی خستبوو، كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی سوره‌تی فاتیحه‌ بۆ گیانی پاكی خوالێخۆشبوو د.شوان قه‌ڵادزه‌یى و خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو تیایدا به‌ناوی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی له‌ خۆیان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: " ئه‌مڕۆ برایه‌كی خۆشه‌ویست و ئه‌ندامێكی زۆر به‌ توانا و هزرمه‌ند و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ و نیشتیمانپه‌روه‌رمان له‌ده‌ستدا و مه‌رگی دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی، له‌ناخه‌وه‌ خه‌مبارى كردین، ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌نگێكی به‌رزی راستگویی و دادپه‌روه‌ری و لێبوورده‌یی و داكۆكیكار بوو بۆ مافی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ ده‌نگێكه‌ قه‌ت له‌ بیرناكرێته‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ هه‌موومان وه‌ك ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان".

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ ده‌ستدانی خوالێخۆشبووی به‌زیانێكی گه‌وره‌ بۆ په‌رله‌له‌مان و گه‌لی كوردستان له‌قه‌ڵه‌مدا و رایگه‌یاند: "له‌ده‌ستدانی دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی، به‌ڕاستی زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ په‌رله‌مان و گه‌لی كوردستان به‌گشتی، چونكه‌ له‌م كاته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌دا زۆر پێویستیمان به‌توانا و چالاكی و گیانی خۆشه‌ویستی و ئه‌مه‌ك و دڵسۆزیی ئه‌م مه‌رده‌ پیاوه‌ بوو".
 
له‌ كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ تاجه‌گوڵینه‌ى رێز و وه‌فا خرایه‌ سه‌ر ته‌رمی خوالێخۆشبوو.
 
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌، دوای رووداوه‌كانی دوێنێ كه‌ركووك، سه‌ردانی شاره‌كه‌ی كردبوو، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر، له‌ رێگادا تووشی رووداوێكی هاتووچۆ ده‌بێت و ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌، دوای نزیكه‌ی 24 كاتژمێر مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، كۆچی دوایی كرد.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.