Erbil 31°C پێنجشەممە 29 تشرینی یەکەم 12:04

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی 6 گەنجی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین لە لیبیا ڕزگار کران و گەڕێندرانەوە

100%

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، شەش گەنجی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین دوای ڕزگارکردنیان لە وڵاتی لیبیا، بە یاوەریی نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەلامەتی گەیەندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک گەنجی دەڤەری ڕاپەڕین بڵاوبووەوە، دەستبەجێ سەرۆکی حکوومەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕاسپارد کە ڕێکاری خێرا بۆ دۆزینەوە و هێنانەوەیان بگرنەبەر. گەنجەکان لە فڕۆکەخانە دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بە سەلامەتی ڕادەستی خێزان و کەسوکاریان کرانەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە 14 گەنجی دیکەش لە گرتووخانەکانی لیبیادا دۆزراونەتەوە و لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕێکارەکانی ئازادکردن و گەڕاندنەوەیان دەستی پێکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بە تەواوبوونی مامەڵەکانیان دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، هاوکات گەڕان و سۆراخ بەدوای چارەنووسی 10 گەنجی دیکەی ونبووی دەڤەرەکەدا بەردەوامە.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی ئەو ڕێکار و هەوڵانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بەرگرتن لە کۆچی نایاسایی گرتوویەتییەبەر، ڕێژەی کۆچی نایاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و بەکارهێنانی ڕێگای مەترسیداری لیبیا بە ڕێژەی 87% دابەزیوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.