Erbil 31°C یەکشەممە 18 تشرینی یەکەم 23:05

من كوردستانیم.. دەستپێکردنی خولی 18ی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب

100%

ڕۆژی 21ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، چالاکییەکانی خولی 18یەمی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستپێدەکات، کە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر، بە هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نووسەران و ئەدیبانی عێراق، و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پەخشكاران و نوسەرانی عێراق، بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێکدەخرێت. پێشانگاکە تا 31ی هەمان مانگ لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام دەبێت.

خولی ئەمساڵ لەژێر دروشمی (من کوردستانیم) بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و پەخش لە 18 وڵاتەوە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشان لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب، هزر و مەعریفەدا دەخەنە ڕوو، بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی بە شێوەزارە جیاوازەکانییەوە، شانبەشانی زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، فارسی، تورکی و چەند زمانێکی بیانیی دیکە.

پێشانگاکە بۆ خولی هەژدەیەمی خۆی دروشمی (من کوردستانیم)ی هەڵبژاردووە، ئەمەش لە ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕێز لە شوناسی کوردی دەگرێت وەک شوناسێکی شارستانیی کراوە، کە بوونی خۆی لە مێژوو و زمان و بیرەوەری و ئەدەب و جلوبەرگ و مۆسیقا و هونەرەکانەوە وەردەگرێت، و لە هەمانکاتدا بەهاکانی پێکەوەژیان، فرەچەشنی و کرانەوە بەڕووی ئەوانی تردا دەچەسپێنێت.

دروشمەکە گوزارشت لە شانازیکردن بە ئینتیماوە دەکات وەک بەهایەکی ڕۆشنبیری و مرۆیی و پردێک بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لەنێوان کولتوورەکاندا، هەروەها هەوڵدەدات وێنەیەکی هاوچەرخی کولتووری کوردی بخاتە ڕوو، کە لەنێوان تایبەتمەندییە مێژووییەکەی و توانای کارلێککردنی لەگەڵ دەوروبەرە عێراقی و هەرێمی و جیهانییەکەیدا کۆبکاتەوە.

پێشانگاکە ئەم دروشمە لە ڕێگەی کەمپەینێکی ڕۆشنبیری و هونەرییەوە بەرجەستە دەکات کە یاوەری چالاکییەکانی خولەکەیە، بە بەکارهێنانی دەقی ئەدەبی و شیعری، هونەرە بینراوەکان، دیزاین، وێنەی فۆتۆگرافی، نمایشە کولتوورییەکان و گفتوگۆ هزرییەکان. بەمەش دەرفەت بە سەردانیکەران دەدات ئاشنای توخمەکانی شوناسی کوردی ببن لە ڕێگەی ئەزموونێکەوە کە وشە و وێنە و هونەر و مەعریفە پێکەوە گرێدەدات.

پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەکێکە لە دیارترین ڕووداوە ڕۆشنبیری و جەماوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و فەزایەکی فراوان پێکدەهێنێت کە پەخشكاران، نووسەران، ڕۆشنبیران و خوێنەران کۆدەکاتەوە، هەروەها ڕێز لە فرەچەشنیی کولتووری و زمانەوانی و کرانەوە بەڕووی ئەزموونە هزری و ئەدەبییە جیاوازەکاندا دەگرێت.

دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەشداربوو لە ڕۆژانی پێشانگاکەدا داشکاندن پێشکەش دەکەن کە دەگاتە زیاتر لە 50٪ بۆ کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لە کتێب و بڵاوکراوەکان، ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات ناونیشانە نوێ و هەمەجۆرەکان بە نرخی داشکێندراو بەدەستبهێنن.

پێشانگاکە بەرنامەیەکی فراوانی ڕۆشنبیری و هونەری لەخۆدەگرێت کە زیاتر لە 90 چالاکی دەگرێتەوە، لەوانە کۆڕی هزری و ئەدەبی، دانیشتنی گفتوگۆئامێز و دیدار لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیران، شانبەشانی ئاهەنگ و چالاکییە مۆسیقییەکان کە بە چەندین زمان پێشکەش دەکرێن، و ڕەنگدانەوەی ئەو فرەچەشنییە کولتوورییەن کە پێشانگاکە و جەماوەرەکەی پێ جیادەکرێتەوە.

پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا ٨8ی ئێوارە، لە ماوەی نێوان 21 تا 31ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەرگاکانی بەڕووی سەردانکەراندا کراوە دەبێت.

كارگێڕی پێشانگاکە بانگهێشتی جەماوەری خوێنەران و ئارەزوومەندانی ڕۆشنبیری، ئەدەب و هونەر دەکات بۆ سەردانیکردنی پێشانگاکە و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی خولی هەژدەیەمیدا.

من کوردستانیم...

ژوانەكەمان لەگەڵتان لە هەولێرە، لەو شوێنەی کتێب بە خەڵک دەگات، و کولتوورەکان لە فەزایەکی کراوەدا بۆ مەعریفە و دیالۆگ بەیەك دەگەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.