ماوەی هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژدەكرێتەوە، بڕیارەكە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
ئەبوبەکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: دوای هەوڵدانێکی زۆر بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هاتوچۆی گەشتیاران لە مەرزی کێلێ، ئەمڕۆ بە فەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەزامەندی دراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی کاتژمێرەکانی گەشتکردنی هاووڵاتییان.
راشیگەیاند: هاتوچۆكردنەكە لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا کاتژمێر 6ی ئێوارەی هەموو ڕۆژێک جگە لە ڕۆژانی هەینی دەبێت، پێشتر تا کاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆ سنوور کراوەبوو.
قایمقامی قەزای پشدەر گوتیشی: بڕیارەکە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە بە فەرمی دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
سەبارەت بە خواستی هاووڵاتییان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەشتکردن لە مەرزی سنووری کێلێ، قایمقامی قەزای پشدەر گوتی: بەهۆی تێکەڵاوییەکان لە بۆنە کۆمەڵاتییەکانی هەردوو دیوەکەدا، بەشێکی زۆر لە گرفتی هاتوچۆ لەم ناوچەیە چارەسەر دەبێت، ئەگەرچی پێویستە 24 کاتژمێر کراوە بێت، بەڵام ئەم ماوە درێژکردنەوەیەش هەر باشە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.