مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی رووداوەكەی شارۆچكەی پردێ بڵاو كردەوە كە تێیدا دوو لاوی سڤیلی كورد شەهیدبوون، لە بەیاننامەكەدا داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق كراوە بەپەلە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و کەمتەرخەمان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دوای سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵەی هەردوو شەهید (محەمەد هێمن) و (موراد زانا)، ئاماژە بەوە داوە: پێویستە هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن و بە دیقەت و وریاییەوە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن و لە هەر هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، هاووڵاتییانی سڤیل گیانیان پارێزراو بێت.
دەقی بەیاننامەکە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی::-
هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارۆچکەی پردێ،
ڕووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونی دوو لاوی کورد، هۆکاری خەم و پەژارەیەکی زۆرە بۆ هەموومان.
ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی دڵگرانی خۆمان، و سەرەخۆشیمان بۆ خانەوادەی ئەم شەهیدانە، ڕایدەگەیەنین کە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، ئەرکێکی سەرەکی و لەپێشینەی هەموو لایەکە و پێویستە هەموولایەک بە گیانی بەرپرسیارێتییە بڕواننە پاراستنی تاک بە تاکی هاووڵاتیان و نابێ کەمتەرخەمی لەم ڕووەوە هەبێت.
هێزە ئەمنییە فەرمییەکان پێویستە هەمیشە پارێزەری ڕاستەقینەی ئارامی و سەر و ماڵی هاووڵاتیان بن و بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن و بە دیقەت و وریاییەوە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان ئەرکی لەپێشینەیە. پێویستە لە هەر هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، هاووڵاتیانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، داوا لە بەڕێز (عەلی زەیدی) سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، بەپەلە لێژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە ناخۆشەی شارۆچکەی پردێ پێکبهێنێت، تاوەکو ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە کەمترخەمان بگیرێتە بەر.
لە کۆتاییدا، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی هەردوو شەهید (محمد هێمن) و شەهید (مراد زانا) دەکەین. لە خوای گەورە داواکارین سەبووری و ئارامی بە دڵی هەموان ببەخشێت و کۆچکردووان بە بەزەیی خۆی شاد بکات.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقین
پارتی دیموکراتی کوردستان
29-9-2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.