وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ڕێگەپێدانی تایبەت بۆ کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق وەرگیراوە بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نەجەف بۆ فڕۆكەخانەكانی ئێران، گەشتەكانیش لە چەند رۆژی داهاتوو و لە سەرەتای مانگ دەستپێدەكەنەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هاتووە: حكوومەتی عێراق لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو بوو لە وەرگرتنی رەزامەندیی ڕێگەپێدانی تایبەت بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق تاوەکو گەشتەکان بۆ وڵاتی ئێران دەستپێبكەنەوە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم (مانگی داهاتوو) گەشتە ئاسمانییەكان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بۆ فڕۆكەخانەكانی ئێران دەستپێدەكەنەوە.
لای خۆیەوە میدیایەكی ئیسرائیلی دوێنێ دووشەممە ئاشكرای كردبوو كە ئەمەریكا بە مەرج و تەنیا بۆ ماوەی یەك مانگ، رێگەی داوە گەشتە ئاسمانییەكان لەنێوان فڕۆكەخانەی نەجەف و فڕۆكەخانەكانی ئێران دەستپێبكرێنەوە.
رۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست) لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمەریكا گواستبوویەوە: وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای هەندێك بابەتی ئایینی جێی بایەخی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفی بەدەر كردووە لە سزاكان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كردبوو كە ئەم رێگەپێدانە بۆ ماوەیەكی كاتییە و تەنیا بۆ یەک مانگە، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوە ماوەكە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە رۆژی هەینی رابردووەوە بڕیاری دابوو گەشتە ئاسمانییەکان (چوون و هاتن) لەگەڵ فڕۆكەخانەی شارەكانی ئێرانی رابگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.