وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پێدانی دەرفەتی زیاتر بە قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی، بڕیاری دا فۆڕمی زانكۆلاین بۆ ماوەی 48 كاتژمێری دیكە درێژ بكرێتەوە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى پۆلی 12 ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) كاتژمێری دیکە واتە تا كاتژمێر (12)ی شەوی رۆژی شەممە رێکەوتى (2026/9/26) درێژ بکرێتەوە.
وەزارەتەكە راشگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى ئەمساڵ، کە بە هەر هۆکارێك بێت تا ئێستا نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن.
هەروەها رایگەیاند: دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتی و پیشەییەکانیش بەهەمانشێوە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 كاتژمێرەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا كە تاوەکو ئێستا 70% دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەش کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.