بەرێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکارى نوێی بۆ دانەوەی قەرزی دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکارانی بە شێوەی قیست ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەكە رایگەیاند: بۆ ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خاوەنکاران و لەپێناو بەردەوامبوونی پڕۆژەکانیان و پاراستنی مافی کرێکاران، ئەنجوومەنى کارگێڕیی خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ڕێکارێکى نوێی بۆ دانەوەی قەرزی بەشداریی مانگانەى خاوەنکاران بە شێوەی قیست دەرکرد.
هەروەها رایگەیاند: ئەم ڕێکارە نوێیە دەرفەتێکی لەبارە بۆ سەرجەم خاوەنکار و خاوەن پڕۆژەکان کە قەرزی کەڵەکەبووی بەشداریی دەستەبەرییان لەسەرە، بەجۆرێک بەپێی ئەم ڕێکارە ژمارەى قیستەکان لە (20) قیستەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (30) قیست.
جەختیشی كردەوە كە ئەم رێكارە نوێیە بە ئامانجی نەهێشتنی ئاستەنگە داراییەکان لەبەردەم خاوەنکاران و پشتگیریکردنیان بۆ خۆڕێکخستنەوەی یاسایی و بەدەستهێنانى نووسراوى پشتگیریی فەرمى، تاوەکو پڕۆژەکانیان بەشێوەیەکى یاسایی لە بازاڕی کاردا بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا ئەم ڕێکارە بەرکار بووە و ئەو خاوەنکارانەى کە قەرزیان لەسەرە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بە مەبەستی سوودمەندبوون لە ڕێکارەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.