وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشكرای كرد كە هێشتا پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەكەیەوە لە گەرووی هورمز پێویستە بۆ بەردەوامیی گواستنەوەی نەوت، نەشی شاردەوە كە تا ئێستا هێزی دەریایی ئەمریكا لە گەرووەكە باڵادەستە.
کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (سی ئێن ئێن) ڕایگەیاند: ئێستا رۆژانە ژمارەیەکی زۆر کەشتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن، پاراستنی ئەم تێپەڕبوونەش پێویستی بە دەستوەردانی راستەوخۆی سوپای ئەمریکا هەیە.
راشیگەیاند: ئێران هێشتا دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ و کێشە لەبەردەم هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، بەڵام بەدڵنیاییەوە هێزی دەریایی ئەمریکا باڵادەستیی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەكاندا.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا تێکڕای گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز ڕۆژانە 9 ملیۆن بەرمیل زیاترە، ئەمەش گرنگیی ستراتیژیی ئەم ڕێڕەوە لە دابینکردنی وزەی جیهان دەردەخات.
کریس ڕایت ڕوونیشی کردەوە کە ماوەیەكە جوولەی بازرگانی نەوت لە ناوچەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێک کە یەکسانە بە دوو لەسەر سێ یان زیاتری ئاستەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕ و ململانێکان، ئەمە جگە لە هەناردەكردن لە ڕێگەی بۆڕی و ڕێڕەوەکانی دیكەوە.
گەرووی هورمز تا ئێستا بە ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی جیهان دادەنرێت، ئەمەش وا دەکات هەر تێکچوونێک لە جوولەی دەریاوانی تێیدا ببێتە هۆی نیگەرانی بۆ بازاڕەکانی وزە، بەهۆی لێکەوتەكان لەسەر پێداویستییەکان و نرخە جیهانییەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.