بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد كە دەیان ئەفسەر و كارمەندی هێزەكانی پۆلیسی تێوەگلاون لە دۆسییەی گەندەڵی و بەهۆیەوە لە كارەكانیان دەركراون یاخود دوورخراونەتەوە.
لیوا میقداد میری بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێكاری توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دیسپلینی وەزیفی لە ناو دامەزراوەی ئەمنیدا. جەختیشی کردەوە کە هیچ پارێزبەندییەک بۆ هیچ کەسێک نییە کە تێوەگلابێت لە دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە دەستپاکی و گەندەڵییەوە.
میری راشیگەیاند: لە ماوەی 100 ڕۆژی تەمەنی حکوومەتی ئێستای عێراق، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری توندی گرتووەتەبەر کە بووەتە هۆی دوورخستنەوە و دەرکردنی یەکجارەکی 38 ئەفسەر دوای سەلماندنی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و داراییەوە، هەروەها 180 کارمەندی دیكەش بەپێی بڕیاری کۆتایی دادگا و هەر لەسەر گەندەڵی دەركراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم ڕێکارانە ئەوە دەگەیەنن کە وەزارەتی ناوخۆ بە جدی و توندی مامەڵە لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گەندەڵی یاخود کەمتەرخەمی لە ئەرکدا دەکات.
لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەكان لە گەندەڵی و بەهێزکردنی دیسپلین لە ڕیزەکانیدا، بنەمایەکی گرنگە بۆ بونیادنانی دەزگایەکی ئەمنی پیشەیی کە ببێتە جێی متەمانەی هاووڵاتییان و پاراستنی شکۆی دەوڵەت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.