پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندازیارێك و چەند کرێکار لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی کەوتنە ناو چاڵێك، بەهۆی رووداوكە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
سامان شێخ لەتیف گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ئەندازیارێك و چەند كرێكارێك لە كاتی هەڵكەندنی چاڵێكدا لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، كەوتوونەتە ناو چاڵەكەوە.
راشیگەیاند: لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا گەنجێکی تەمەن 31 ساڵ کە خەڵکی دەربەندیخانە گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی بریندارەکان، سامان شێخ لەتیف ئاماژەی بەوە کرد: چوار کەس لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون، یەکێکیان باری تەندروستیی ناجێگیرە.
جەختیشی كردەوە كە سێ بریندارەکەی دیکە ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار کراون و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.