وەزارەتی دادی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکردووە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و یادداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی، بە ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی 6000 زیندانی کە هەڵگری 61 ڕەگەزنامەی جیاوازن بۆ وڵاتەکانیان، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو زیندانەکان.
ئەحمەد لەعێبی گوتەبێژی وەزارەتی داد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: وەزارەت کار لەسەر کاراکردنی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانیانە تاوەکو ماوەی سزاکانیان لە وڵاتەکانی خۆیان تەواو بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆسەیە هەموو ئەو زیندانییە عەرەب و بیانییانە دەگرێتەوە کە لە بەشەکانی چاکسازی عێراقن، تەنها ئەو زیندانیانە نەبێت کە حووکمی لەسێدارەدانیان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی داد، ئەو 6000 زیندانییە هەڵگری 61 ڕەگەزنامەی جیاوازی وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپی، ئەمریکی و کیشوەرەکانی تری جیهانن. ڕەگەزنامەی سووری لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش ڕەگەزنامەکانی مەغریب، ئەمریکا، کەنەدا، ڕووسیا، تونس، تورکیا و چەندین وڵاتی تر دێن.
لەعێبی ڕوونیشی کردەوە کە لە ئێستادا زیندانی ناوەندی کەرخ تەرخانکراوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو 6000 زیندانییە بیانییە، تاوەکو لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکانیان، ڕێکارەکانی گواستنەوەیان تەواو بکرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری پێویستی لەو بارەیەوە دەرکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.