کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (17ی ئابی 2026) کرایە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی پیرمام. لەندەن ئەم ڕووداوەی وەک مەترسییەک بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
لە پەیامێکی کورتدا کە لە هەژماری فەرمیی کونسوڵخانەکەدا بڵاوکراوەتەوە، بەریتانیا جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە شانشینی یەکگرتوو پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی یەکجار هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم سەرکۆنەکردنە خێرایەی لەندەن، نیشانەی پابەندیی بەردەوامی وڵاتانی هاوپەیمانە بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە دەکرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.