Erbil 31°C یەکشەممە 16 ئاب 06:59

سه‌رۆكی كۆریای باشوور داوای ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ كۆریای باكوور ده‌كات

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شەممە 15ی ئاب، لی جامیونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور پێشنیاری کرد گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکوور بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چه‌ندین ساڵه‌یان له‌گه‌ل کۆریای باکوور و هێنانه‌ كایه‌ی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا، بەشێوەیەکی فەرمی، ئەمەش لەکاتێکدایە كیم جۆنگ ئون پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بەهێزتر دەکات و پێگەی خۆی وەک هێزێکی ئەتۆمیی چەسپاندووە.

هێشتا هەردوو کۆریا لە ڕووی تەکنیکییەوە لە شەڕێكی ساردان، بەو پێیەی ململانێکانیان لە ساڵانی 1950-1953بە ئاگربەست کۆتایی هات نەک بە پەیمانی ئاشتی.

بە درێژایی سنووری نێوانیان بە ناوچەیەکی بێ سەربازی جیا دەکرێنەوە، کە یەکێکە لە ناوچە قورسەکانی جیهان.

لە وتارێکدا بۆ یادی 81 ساڵەی ڕزگاربوونی کۆریای باشوور لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی ژاپۆن بەڕێوەچوو، کە لە ساڵی 1910 تا 1945 بەردەوام بوو. گوتی: "با نیازی خۆمان بۆ هەڕەشەکردن لە یەکتر وەلانێین و دەست بە گفتوگۆ بکەین بۆ ئاشتیی و کۆتاییهێنان بەم شەڕە درێژخایەنە."

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: لە ڕێگەی ئەمەوە ڕەنگە بتوانرێت تاوتوێی ڕێوشوێنی کاریگەریش بکرێت بۆ ڕاگرتنی گەشەسەندنی توانا ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور.

لی پێشتر پێشنیاری کردبوو کە دانوستانێکی بێ مەرج لەگەڵ پیۆنگ یانگ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام بدات، بەڵام کۆریای باکوور هێشتا وەڵامی ئەو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ تازه‌یه‌ی كۆریای باشووری نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی داده‌نرێت.

لای خۆیه‌وه‌، کۆریای باکوور ڕۆژی هەینی ئەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشانەی کە پلانی بۆ دانراوە لە هەفتەی داهاتوو لە نێوان سوپای ئەمریکا و کۆریای باشوور ئه‌نجام بدرێت، ئیدانە کرد و هۆشداریدا لەوەی کە دەتوانێت بە ڕێوشوێنی توندتر له‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كریت وەڵام بداتەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.