دامەزراوەکانی دابینکردنی ئاو لە چەندین ویلایەتی ئەمریکا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی سایبەری بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئاژانسە فیدراڵییەکان ئامادەباشی رابگەیەنن. دوای ویلایەتی مینیسۆتا، بەرپرسانی ویلایەتی میشیگان رایانگەیاند کە چالاکیی گوماناوییان لە سیستەمەکانیاندا بەدی کردووە کە هاوشێوەی ئەو هۆشدارییانەیە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دراوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ئاشکرای کردووە کە لە 27ـی تەمموزی 2026ـەوە، کۆمپانیاکانی کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ لە لایەنی کەم 7 ویلایەت، راپۆرتیان لەسەر هێرشی ئەلیکترۆنی داوەتە نووسینگەکە. بەپێی زانیارییەکان، هاکەرەکان لە رێگەی دوورەوە چوونەتە ناو ئامێرە بەستراوەکان بە ئینتەرنێت و ناونیشانی پرۆتۆکۆڵی ئینتەرنێت (IP) و وشە نهێنییەکانیان (Passwords) گۆڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی دامەزراوەکان.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی ئاسایشی ژێرخان و ئاسایشی سێبەر (CISA) هۆشداریی داوە لە هێرشی ئەو گروپانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و خزمەتگوزارییە حکوومییەکان، دامەزراوەکانی ئاو و کەرتی وزە دەکەنە ئامانج.
بەرپرسانی تەندروستی و ژینگە لە میشیگان جەختیان کردەوە کە سەرەڕای هێرشەکان، سەرجەم سیستەمەکان بە سەلامەتی کار دەکەن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست نەبووە. بەڵام لە ویلایەتی مینیسۆتا، هێرشەکان بوونە هۆی پەکخستنی کاتیی لایەنی کەم یەکێک لە سیستەمەکانی دابینکردنی ئاو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.