بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، بەمزووانە سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی کارا دەکرێت کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن یاخود نوێی بکەنەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی مامەڵەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە.
عودەی سەمیر بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی عێراق ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتوو رابگەیەنرێت کە پشت بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) دەبەستێت.
راشیگەیاند: ئەم سیستەمە دەرفەت دەدات بە هاووڵاتییان تەواوی مامەڵەکان وەک: دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، گواستنەوەی خاوەندارێتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل، هەر لە ڕێگەی مۆبایلەکەیانەوە ئەنجام بدەن، بێ ئەوەی پێویست بکات بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕوو لە فەرمانگەکان بکەن یان بەرکەوتنیان لەگەڵ کارمەندان هەبێت.
عودەی سەمیر ڕوونیشی کردەوە: سەردانی مەیدانی و ئامادەبوونی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تەنیا دەبێتە کۆتا قۆناغ بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەی مۆڵەتی شۆفێری یان ساڵیانەی ئۆتۆمبێل، ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم ڕێکارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی کۆتاییان پێ دێت.
جەختیشی كردەوە كە ئەم گۆڕانکارییە تێڕوانینی کارکردن و ئالیاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ بە تەواوی دەگۆڕێت.
بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجیستییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە تەواو بوون. ئاشکرای کرد کە کاراکردنی سیستەمەکە بە چاودێری و ڕەزامەندیی عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.