جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، جەختیان لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری کردەوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، چاوی کەوت بە شێخ هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و پڕۆسەی یاسادانان و بەجێگەیاندنی ئەرکە دەستوورییەکان تاووتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە چاودێرییەکان کردەوە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی. ئاماژە بەوە درا کە ئەم هەنگاوە دەبێتە بنەمایەک بۆ پاراستنی سامانی گشتی و پتەوکردنی سەقامگیریی وڵات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێویستیی یەکخستنی دیدگای هێزە سیاسییەکان کرا. جەخت کرایەوە کە دەبێت هەموو هەوڵەکان لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و جێبەجێکردنی خواستە ڕەواکانی هاووڵاتیاندا بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.