دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات پێکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی (UKMTO)، کەشتییەکە لە دووری 17 میلی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "دبا" لە کەنداوی عومان، کە دەکەوێتە نزیک گەرووی ستراتیژیی هورمز، تووشی هێرش بووە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "کەشتییەکە بە مەقزووفێکی نەناسراو پێکراوە، ئەمەش زیانی بە سیستەمی ئاراستەکردنی (steering system) کەشتییەکە گەیاندووە."
دەستە بەریتانییەکە دڵنیایی داوە کە سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە شاهیدی گۆڕینەوەی تەقە و بارگرژیی توندی نێوان هێزەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە ململانێیەکی قورس لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز لە ئارادایە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و بە ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی وزە و نەوتی جیهانی دادەنرێت، و هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەو ناوچەیەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان و ئاسایشی دەریایی دەبێت
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.