بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە مامەڵەی گواستنەوەی خێزانیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە هەیە و چەند ڕێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەی گواستنەوەی پسوولەی خۆراکیان لەنێوان پارێزگاکاندا هەیە، پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، دەتوانن هەر لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت پسوولەکانیان بۆ ناوچەکانی مادەی 140 وەک پارێزگاکانی (کەرکووک، مووسڵ، دیالە و سەڵاحەددین) بگوازنەوە، داوایان لێ دەکرێت جارێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە نەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی نووسراوی لاری نەبوون (عدم ممانعة).
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە: ئەم جۆرە مامەڵانە (ناوچەکانی مادەی 140) ڕاگیراون تا ئەو کاتەی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی لێ دەردەچێت. هەر کاتێک بڕیاری نوێ درا، لە ڕێگەی پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.