هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی هاوبەش و بەپەلەیان لەبارەی دۆخی كارەبا و غازی ماڵان بڵاو كردەوە و هاووڵاتییانیان دڵنیا كردەوە كە قەیران روو نادات.
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەكەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە هاتووە: دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەكانەوە كۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر وەستاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاوەستا و بڕی 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووەوە".
بۆ چارەسەركردنی دۆخی كارەبا، لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت، تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپارد بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت، بۆیە تیمێكی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكات".
لەبارەی غازی ماڵانیش راگەیەنراوەكە بەمشێوەیە باسی كردووە "وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگرتووە بۆ دابینکردن پێداویستیی ڕۆژانەی غازی ماڵان، هەر ئەمڕۆ چەندین تەنكەری غاز ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەکرێت".
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە "هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە قەیرانی غازی ماڵان ڕوونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.