فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، ڕۆژی 12ـی تەمووز، سێیەم گەڕی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئێران لەم هەفتەیەدا کۆتایی پێهێناوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز.
لە ڕاگەیەندراوەکەی (CENTCOM)دا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 140 ئامانجی سەربازیی ئێرانییان بە چەکی ورد و پێشکەوتوو پێکاوە، کە لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکانەوە ئاراستە کراون. ئامانجەکان پێکهاتبوون لە پێگەکانی مووشەک و درۆن، دامەزراوە دەریاییەکان، کۆگاکانی تەقەمەنی، تۆڕەکانی پەیوەندی و خاڵەکانی چاودێریی کەناراوەکان.
فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی سێ شەوی هێرشەکانی ئەم هەفتەیەدا، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، زیاتر لە 300 ئامانجیان پێکاوە. ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە کەمکردنەوەی تواناکانی ئێرانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنی و بازرگانییەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا بەردەوامە. بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هاوکار بوون لە گواستنەوەی سەلامەتیی زیاتر لە 800 کەشتیی بازرگانی و 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە نێو گەرووی هورمزدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.