وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک چاکسازیی نوێ لە سیستەمی وەرگرتنی داواکارییەکانی تایبەت بە "کۆیلایەتیی هاوچەرخ" ئەنجام دەدەن، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی یاساکانی کۆچ و خێراکردنی پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەمەودوا ئەو داواکارییانەی بۆ پاراستن لەژێر ناوی کۆیلایەتیی هاوچەرخ پێشکەش دەکرێن، لە چەند حاڵەتێکدا ڕاستەوخۆ ڕەت دەکرێنەوە؛ لەوانە ئەگەر داواکارییەکە لە کاتێکی زۆر درەنگدا پێشکەش کرابێت، یان ئەگەر سەلمێندرا کە داواکارەکە بەڵگەنامەی ساختەی بەکارهێناوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەو داواکارییانەی لەلایەن تاوانبارانی بیانییەوە پێشکەش دەکرێن، چیدی قبوڵ ناکرێن و ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات لە خاکی بەریتانیا دەربکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی کۆچ و پاراستنی مافی ئەو کەسانەی کە بەڕاستی قوربانیی کۆیلایەتی و بازرگانیکردنن بە مرۆڤەوە، نەک ڕێگەیەک بێت بۆ مانەوەی نایاسایی و تاوانباران. دەسەڵاتدارانی لەندەن دووپاتیان کردەوە کە ئەم ڕێکارانە یارمەتیدەر دەبن لە پاککردنەوەی سیستەمەکە لە هەر جۆرە تەڵەکەبازی و خراپ بەکارهێنانێک کاتێک دێتە سەر پرسی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و مانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.