دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتن ڕێگە بە ئۆکرانیا دەدات دەست بکات بە بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتووی "پاتریۆت" لە ناو ناوخۆی وڵاتەکەیدا.
ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەکانی لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە ئاشکرای کرد کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئۆکرانیایە لە قۆناغی داهاتوودا.
ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە جۆری پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ دەبینرێت، چونکە ڕێگەدان بە بەرهەمهێنانی ئەم سیستمە بەرگرییە پێشکەوتووە لە ناو خاکی ئۆکرانیادا، پێگەی سەربازی و تەکنەلۆژیی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات.
ئەم ڕاگەیەندراوەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ داواکارییە بەردەوامەکانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کە داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کردبوو هاوکارییان بکەن لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بۆ پاراستنی ژێرخانی وڵاتەکەی.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئەمریکا پەیامێکی ستراتیژییە بۆ مۆسکۆ، کە نیشانی دەدات واشنتن دەیەوێت ئۆکرانیا لەسەر ئاستی پیشەسازیی سەربازی زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت.
ترەمپ کە پێشتر گەشبینیی خۆی نیشاندابوو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەم بڕیارە ئاستی توانای بەرگریی کیێڤ بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا هێشتا وەک نێوەندگیرێک دەردەکەوێت کە دەیەوێت کۆتایی بە ململانێیە چەکدارییەکە بهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.