سوپای كوێت ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه به‌فه‌رمی دەرگای ناونووسینی سەربازی بۆ ئەو ئافره‌تانە كرده‌وه كە خاوەنی بڕوانامه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك دێت لە چوارچێوەی فراوانكردنی بەشداریی ئافره‌تان لە خزمەتی سەربازی وڵاته‌كه‌دا.
دەستەی گشتیی ئەركانی سوپای كوێت لە بەیاننامەیەكدا رایگه‌یاند، پێشكەشکردنی داواکارییەکە ئەو ئافره‌تانە دەگرێتەوە كە بڕوانامەی زانكۆ، دبلۆم، ئامادەیی گشتی یان هاوتاكانیان هەیە، جگە لە بڕوانامەی پۆلی یازده و خوارووتریش.
هەروەها ڕوونی كردەوە كە ناونووسین لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە دەست پێ دەكات و تا 13ی ئەم مانگە (تەمووز) بەردەوام دەبێت، پڕۆسەکەش لە ڕێگەی ماڵپەڕی ئەلیكترۆنیی وەزارەتی بەرگری ئەنجام دەدرێت.
سوپای كوێت جەختیشی كردەوە كە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی پەرۆشیی فەرماندەیی گشتیی سوپایە بۆ بەشداریپێكردنی ئافره‌تانی كوێت لە بوارە جیاوازەكانی خزمەتی سەربازیدا، بە ئامانجی بەهێزكردنی ڕۆڵی نیشتمانی‌یان لە بەرگریكردن لە وڵات‌دا.
جێی باسه وه‌زاره‌تی به‌رگریی كوێت بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 2021 رێگه‌ی به ئافره‌تان دا به‌شداری له سوپای وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.