قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ڕایگەیاند، چەند هاووڵاتییەک کە بە شێوەی نایاسایی خەریکی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بوون لە بناری چیای هەڵگورد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تەمووز، قائیمقامیەتی قەزای چۆمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە بناری چیای هەڵگورد لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ناوخۆییەکان توانییان چەند ڕاوچییەک دەستگیر بکەن کە خەریکی ڕاوکردنی نایاسایی بوون.
لەمبارەیەوە، عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی دەرەوەی ناوچەی باڵەکەیاتین و بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و ڕێنماییە ژینگەیییەکان، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکردنی ئەو ڕاوچییانە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە ژینگەی ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە بینیوە و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان زیادیان کردووە. جەختیش کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە توندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە کە زیان بە سروشت و ژینگەی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.