وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕێگەدان بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ ناوخۆی هەرێم، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی کردووە، ڕێگەی داوە بە هاوردەکردنی بەنزین و داوای کردووە لە بازگەکان ئاسانکاریی تەواو و بەردەوام بۆ تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بکرێت. بەپێی بڕیارەکە، پێویستە پڕۆسەی گواستنەوەکە لە بازگەکاندا بەبێ وەستان بێت تاوەکو بەرهەمەکە بە خێرایی بگاتە ناو شارەکان.
لە نووسراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەو بەنزینەی هاوردە دەکرێت، دەبێت بەپێی ستاندارد و کوالێتیی دیاریکراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی حکوومەت دابینکردنی خواستی بازاڕە بەپێی پێویست، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ و دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی بگیرێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.