وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن شاندی هەرێم لە بەغداد داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیان کردبێت. وەزارەتەکە ئەم هەڵمەتەی بە "چەواشەکارانە" و "دوور لە ڕاستی" وەسف کرد.
وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە کە شاندی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە دەبێت پرسی مووچە لە هەموو کێشە سیاسی و تەکنیکییەکان دوور بخرێتەوە. بەپێی ڕوونکردنەوەکە، سەردانی ئەم دواییەی شاندی هەرێم بۆ بەغداد تەنها بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دیاریکراوی وەک کێشەکانی گومرگ، جێبەجێکردنی سیستەمی "ئاسیکۆدا"، باجی کۆمپانیاکان و پرسی کوالێتی کۆنتڕۆڵ بووە.
سەبارەت بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد کە شاندەکە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆیان کردووە تاوەکو بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە بکرێت. داواکراوە 50%ی داهاتە ناوخۆییەکان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونی کردەوە، کە بەپێی یاسا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی دواتردا ئامادە دەبێت، چونکە داهاتەکان تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابنەوە. وەزارەت جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆسە تەکنیکییە ئاساییە و ناكرێت بکرێتە بیانوو بۆ ڕاگرتن یان دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی هەولێر لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە حکوومەتی هەرێم بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕاپۆرتی داهات، داوای لە بەغداد کردووە ناردنی تەمویلی مووچە بۆ چەند ڕۆژێک دوابخات. وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە کە "پەتی درۆ کورتە" و ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی مووچە لە کاتی خۆیدا بگاتە دەستی هاووڵاتیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.