Erbil 31°C شەممە 04 تەمووز 16:27

ترەمپ: مۆڵەتی هەفتەیەکمان داوەتە ئێران بۆ بەخاکسپاردنی خامنەیی

100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، مۆڵەتی هەفتەیەکی داوەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا تەنها لە "سۆنگەی میهرەبانییەوە" بووە بەرامبەر بەو وڵاتە.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026، مەراسیمی فەرمیی ماڵاوایی و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی لە تاران بەڕێوە بچێت. خامنەیی لە 28ی شوباتی ڕابردوودا لە ئەنجامی بۆردومانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، تەرمەکەی تاوەکو ئێستا بە شێوەی "ئەمانەت" نێژرابوو بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا ڕێوڕەسمی بۆ ساز بکرێت.

بەکارهێنانی دەستەواژەی "مۆڵەت" لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە، لە ناوەندە سیاسییەکاندا وەک نیشاندانی باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە. حکوومەتی واشنتن لە ئێستادا لەژێر چوارچێوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتندا مۆڵەتی 60 ڕۆژی داوەتە تاران بۆ ئەوەی لەسەر بڕگەکانی ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ڕاگرتنی جەنگ کۆک بن، و پێدانی ئەم هەفتەیەش بۆ مەراسیمی جەنازەکە وەک بەشێک لەو نەرمییە دیپلۆماسییە دەبینرێت کە واشنتن لەم قۆناغەدا نیشانی دەدات.

لە لایەکی ترەوە، تاران ئامادەکاریی یەکجار گەورەی بۆ مەراسیمی ئەمڕۆ کردووە و چەندین شاندی بیانی بۆ بەشداریکردن گەیشتوونەتە پایتەختی ئێران. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی ئەم مۆڵەتە و کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکان، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکوومەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتیی موجتەبا خامنەیی چڕتر ببنەوە، تاوەکو پابەندیی تەواوی خۆیان بە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بێچەککردنی ئەتۆمی و کشانەوە لە ململانێ ئیقلیمییەکان ڕابگەیەنن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.