Erbil 31°C شەممە 04 تەمووز 19:33

سوید هاوسەرگیریی خزمایەتی قەدەغە کرد

Kurdistan Ahmed
100%

پەرلەمانی سوید یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کە تێیدا هاوسەرگیری لەگەڵ خزمە نزیکەکان، بە تایبەت ئامۆزا و پورزا، قەدەغە دەکرێت. ئەم یاسایە لە ڕۆژی چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بڕیاری پەرلەمان کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دەنگی لەسەر درابوو، هەر جۆرە هاوسەرگیرییەکی خزمایەتی نێوان ئامۆزا و پورزا و خزمە نزیکەکانی تر لە ناو خاکی سویددا قەدەغەیە. خاڵێکی گرنگی یاساکە ئەوەیە کە تەنانەت ئەو هاوسەرگیرییە خزمایەتییانەی لە دەرەوەی وڵاتیش ئەنجام دراون، چیتر لە لایەن دامەزراوەکانی سویدەوە بە فەرمی ناناسرێن.

حکوومەتی سوید ئامانجی لەم یاسایە پاراستنی مافی تاکەکان و ڕێگریکردنە لەو جۆرە هاوسەرگیرییانەی کە لە ژێر فشاری خێزان و بەبێ ویستی تەواوی لایەنەکان ئەنجام دەدرێن. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە مامەڵەکردنی فەرمانگە حکوومییەکان لەگەڵ ئەو کەیسانەی کە پێشتر لە دەرەوەی وڵات هاوسەرگیریی خزمایەتییان کردووە.

ئەم بڕیارە مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سویددا دروست کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا پەرلەمان بڕیاری دا کە پاراستنی ئازادیی تاک و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە پێشینەی کارەکان بێت. چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کاریگەریی لەسەر ژیانی بەشێک لە کۆمەڵگە کۆچبەرەکانی ئەو وڵاتە هەبێت کە هێشتا پەیڕەوی لەو جۆرە هاوسەرگیرییانە دەکەن.

جیهان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.