Erbil 31°C شەممە 04 تەمووز 16:27

بۆهۆی سپرای ورچەوە لە ژاپۆن پێنج کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران

Kurdistan Ahmed
100%

پێنج کەس لە شاری ناگۆیای وڵاتی ژاپۆن ڕەوانەی نەخۆشخانە کران، دوای ئەوەی پیاوێک بە هەڵە جۆرە سپرایەکی بەکارهێنا کە بۆ دوورخستنەوەی ورچ بەکاردێت. میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پیاوەکە بە ئەنقەست ئەو کارەی نەکردووە و داوای لێبووردنی لەبارەی ڕووداوەکە کردووە.

ڕیۆ ئاسانۆ، بەرپرس لە خزمەتگوزارییەکانی باری نائاسایی لە شاری ناگۆیا ڕایگەیاند، کە بەهۆی کاریگەریی سپرایەکەوە 8 کەس تووشی تێکچوونی باری تەندروستی بوون، لەو ژمارەیەش 5 کەسیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام باری تەندروستیی هیچ کامێکیان مەترسیدار نییە.

ئەم جۆرە سپرایە لە ژاپۆن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی ورچەکان بەکاردێت، کە لەم دواییانەدا ڕێژەی هێرشەکانیان لەو وڵاتەدا زیادی کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای مانگی نیسانی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا لانی کەم 5 کەس بەهۆی هێرشی ورچەوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو 13 کەس بەهۆی هەمان هۆکارەوە کۆچی دواییان کردبوو.

شارەزایان پێیان وایە هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە بۆ زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ورچەکان دەگەڕێتەوە بەهۆی زۆریی سەرچاوەی خۆراک. هەروەها چۆڵکردنی ناوچە لادێنشینەکان و کۆچی گەنجان بەرەو شارە گەورەکان وای کردووە ئامادەیی مرۆڤ لە نزیک دارستان و چیاکان کەم ببێتەوە، ئەمەش سنووری نێوان مرۆڤ و ژینگەی ورچەکانی تێکداوە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیانی زیاتر کردووە.

 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.