ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە و تیمی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ کۆبوونەوەیەکی دانوستانکارییان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە هیچ ئاستێکدا نابێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
گوتەبێژی تیمی دانوستانکاری ئێران جەختی کردەوە کە یەکەمایەتیی ئێستای تاران، دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە. سەبارەت بە پرسی فرۆشتنی نەوت کە لە بڕگەی 10ی یاداشتنامەکەدا هاتووە، ڕایگەیاند کە ئەمریکا مۆڵەتی پێویستی دەرکردووە و ئێستا لە پڕۆسەی جێبەجێکردندایە.
لەبارەی ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی ئێران کە لە بڕگەی 11ی یاداشتنامەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، بەقایی ئاشکرای کرد کە پڕۆسەکە بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا لەم هەفتەیەدا شاندێکی پسپۆڕی ئێرانی ڕەوانەی دۆحەی پایتەختی قەتەر دەکرێت. هاوکات ڕەتی کردەوە سەردانی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ قەتەر هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانی شاندە ئێرانییەکەوە هەبێت.
سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "هێشتا نەچووینەتە قۆناغی دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. بەپێی بڕگەی 13ی یاداشتنامەکە، دەستپێکردنی ئەو دانوستانانە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11 و بەردەوامییان لەلایەن هەردوولاوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.