وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، کە دەستەیەکی نوێی سەربەخۆ بۆ تێهەڵچوونەوەی کەیسی پەنابەران دادەمەزرێنێت. ئامانجی ئەم دەستەیە ئەوەیە کە داواکارییەکان لە جیاتی چەندین ساڵ، تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە یەکلا بکاتەوە.
بەپێی ڕێکارە نوێیەکانی حكوومەت، ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەیە، لە پێشینەی کارەکان دەبن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایییان لێ بدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی داواکارییەکانیان ڕەت دەکرێتەوە. هەروەها یاسایەکی نوێ دەردەچێت کە پەنابەران ناچار دەکات لە زووترین دەرفەتدا داواکارییەکانیان تۆمار بکەن، بەمەش ڕێگری دەکرێت لەوەی داواکارییەکانی "خولەکی کۆتایی" وەک تاکتیکێک بۆ دواخستنی ناردنەوەیان لە وڵات بەکاربهێنرێت.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە لە ئێستادا تێکڕای کاتی پێویست بۆ یەکلاکردنەوەی هەر کەیسێکی تێهەڵچوونەوە نزیکەی 67 هەفتەیە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر و کۆبوونەوەی زیاتر لە 87,000 کەیس کە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگان.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، حكوومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە ژمارەیەکی زیاتر لە دادوەر و بڕیاردەری پسپۆڕ و ڕاهێنراو لەناو دەستە نوێیەکەدا دابمەزرێنێت. بەم هەنگاوە مەودای وەرگرتنی دادوەرەکان فراوانتر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە کاتێکی کەمتردا زۆرترین بڕیار لەسەر کەیسە هەڵپەسێردراوەکان بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.