حکوومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا وادەیەکی دیاریکراوی بۆ سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران داناوە تاوەکو بە یەکجاری چەکەکانیان دابماڵن و ڕادەستی دەوڵەتی بکەن. گوتەبێژی حکوومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە ڕۆژی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ (2026) وەک کۆتا وادە دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی چەکداماڵینی ئەو گرووپانە.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی یەکەم سەردانی فەرمیی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەرپرسانی واشنتن لە چەند هەفتەی ڕابردوودا فشارەکانیان لەسەر حکوومەتی عێراق چڕکردووەتەوە و داوا دەکەن هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی سوپادا کار دەکەن. واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەقامگیریی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەستراوەتەوە بە توانای حکوومەت بۆ سەپاندنی یاسا بەسەر سەرجەم گرووپە چەکدارەکاندا.
ئەم گرووپانە کە بە "هێزە بریکارەکانی ئێران" لە عێراق دەناسرێن، لە چەند مانگی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو، چالاکییە سەربازییەکانیان زیاد کردبوو. لەو ماوەیەدا چەندین جار بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق کرانە ئامانج، ئەمەش ئاسایشی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردبووەوە.
دیاریکردنی ئەم مۆڵەتە وەک هەوڵێکی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەبینرێت بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە پێکدادانێکی نوێ و دوورخستنەوەی عێراق لە کێشە ئیقلیمییەکان، هاوکات نیشاندانی نیازپاکی حکوومەتە بەرامبەر بە داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی. چاودێران پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئاڵەنگارییەکی گەورە دەبێت بۆ حکوومەت، چونکە بەشێک لەو گرووپانە خاوەنی هەژموونێکی بەهێزی سیاسی و سەربازین لە ناوخۆی وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.