ئەو گفتوگۆیانەی کە بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو لەنێوان شاندی ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بۆ كاتێكی نادیار هەڵسەپێردران، ئەمەش دوای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، کە پرۆسەی دیپلۆماسیی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سەرەتا.
هەڵپەساردنی ئەم دانوستانانە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتكۆم) گورزی سەربازیی نوێی دژ بە ئامانجەکانی ئێران ڕاگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عەرەب کە واشنتۆن دەڵێت بە درۆنی ئێرانی پێکراوە.
لە بەرامبەردا میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە لەلایەن ئەمریكاوە هێرشكراوەتە سەر پارێزگای هورموزگان و دوورگەی قشم و دەنگی چەند تەقینەوەیەك بیستراون، بەم هۆیەوە هەردوولا تۆمەتی تێکدانی بارودۆخەکە دەخەنە ئەستۆی یەکتر.
ئەم گرژییە نوێیانەی ناوچەكە خولی نوێی پێوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تارانی پەکخستووە کە ماوەیەكە بە نێوەندگیریی چەند وڵاتێك دەستی پێ کردبوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانەدا، وڵاتانی ناوچەکە و لە سەرووشیانەوە پاکستان و عەرەبستانی سعوودییە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە و گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.