ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە هاوپەیمانی ناتۆی بە "تێوەگلان" و هاوکاریکردن لەو "جەنگە نایاساییە" تۆمەتبار کرد، کە بە وتەی ئەو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران ئەنجامدراوە.
ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای لێدوانەکانی مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ دێت بۆ کەناڵی (Fox News)، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو لە هێرشەکەی ڕۆژی 28ی شوباتی ڕابردوو بۆ سەر ئێران، بڕی 500 فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکەکانی ئیتاڵیاوە هەڵساون بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەقایی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "ئەمە دانپێدانانێکی ڕوون و بێگومانە بە تێوەگلانی چالاکانەی ناتۆ لە جەنگێکی نایاسایی دژی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم لێدوانانە ڕاستەوخۆ دەیسەلمێنن کە ئیتاڵیا و ڕۆمانیا بەشدار بوون لەو هێرشانەدا.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەمینداری گشتیی ناتۆ، فڕۆکەخانەی بوخارێست لە ڕۆمانیا گەشتە بازرگانییەکانی کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ فڕۆکەکانی تێکردنی سووتەمەنی بکاتەوە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەکار هاتوون. هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە نێوان 4 بۆ 5 هەزار فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکە جیاوازەکانی ئەوروپاوە لە ماوەی ئەو جەنگەدا بەکار هێنراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە ئیتاڵیا و ڕۆمانیا و هەموو ئەو وڵاتە ئەوروپییانە کرد کە پشتیوانیی هێرشەکەیان کردووە، ڕوونکردنەوە بدەنە گەلەکانیان و جیهان کە بۆچی بوونەتە بەشێک لەم "کارە شەڕانگێزە" و ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی ئێران.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا بە توندی لێدوانەکانی ئەمینداری گشتیی ناتۆی سەرکۆنە کرد و بە "پەیامێکی چەواشەکار" وەسفی کرد. ڕۆما جەختی کردەوە کە تەنها بۆ مەبەستی تەکنیکی و لۆجستی ڕێگەی بە ئەمریکا داوە بنکەکانی بەکاربهێنێت، نەک بۆ ئەنجامدانی ئەرکی جەنگی و هێرشکردنە سەر وڵاتان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.