سەڵتەنەتی عومان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO)، بڕیاری داوە ڕێڕەوێکی دەریایی کاتی لە گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی سەرجەم کەشتییەکان بکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی عومان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی وڵاتەکەیانە بەرامبەر بە گەرووی هورمز و گرنگیی ئەم ڕێڕەوە بۆ ئابووریی جیهان. جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت و هیچ باج و ڕەسمێکی گومرگیی تێدا وەرناگیرێت، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران هاتونەتە ئاراوە.
هەردوو وڵاتی عومان و ئێران وەک دوو دەوڵەتی سەر کەناراوەکانی گەرووی هورمز، پابەندیی خۆیان بە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی دووپات کردەوە. بڕیارە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات، میکانیزمی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە داهاتوودا ڕێکبخرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی(فاینانشاڵ تایمز) ڕایگەیاند، دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران زۆر پێویستە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێڵە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە "زانیاریی چەواشەکار" و هەماهەنگی لە پڕۆسەی پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە چێنراوەکان.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر پێشبینیی ئەوەشی کرد، کە وڵاتەکەی لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی شل (LNG) بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش دوای جێگیربوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.